ساباتی چه‌مچه‌ماڵ

 

نیشتمان حەسەن ئەو ژنەى کەمتر لە تەنها دوو ساڵ هاوسەرى مامەڕیشە بوە و ئیدى شەهید بوونى ئەو پێشمەرگەیە، کۆتایى بە کاروانى هاوسەریان هێناوە، لەڕێگاى (زەنگ)ەوە داوا لە بەرپرسانى یەکێتى ئەکات کە سەیارەیەکى پێ ببەخشن، چونکە کاتێک سەردانى شوێنێک ئەکات خۆى وتەنى هەست بە شانازییەک ئەکات ئەگەر بڵێن ئەوە ژنى مامەڕیشەیە و ئەو سەیارەیەى دراوەتێ..
نیشتمان ئێستا لە ناحیەى شۆرشى لاى چەمچەماڵ لەگەڵ دایکیدا ئەژێت، ئەو لەبارەى بارودۆخى ژیانییەوە وتى:"وەزعمان باشە و خراپ نین، هەروا ئەبێ.."، لەبارەى ئەوەشەوە کە ئەو سیمبولێتییەى مامەڕیشە لە شۆڕشى نوێدا هەیەتى، جگە لە دەستکەوتى مەعنەوى، هیچى ترى بۆ هاوسەرەکەى هەبوە؟ نیشتمان ئەڵێت:"ئەوەیان بەسە کە دەستکەوتێکى مەعنەوى گەورەى هەیە بۆم، ژیانیشمان تا ڕادەیەک باشە، موچەى شەهیدانەمان هەیە و خانوو و زەویشمان پێ دراوە"..
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، نیشتمان خان ئاماژە بەوە ئەکات کە لەهەندێک ئیمتیازدا بێ بەش کراون و وتراوە کە مامەڕیشە سەرکردە نەبوە، لەو بارەوە ئەڵێت:"بۆ نمونە لە بڕینەوەى موچەى شەهیدانەدا، حیسابى شەهیدى سەرکردەى بۆ نەکراوە، هەروەها لە سلێمانى خانوو بۆ شەهیدان دروستکراوە، دیسانەوە لەوەشدا بەرمان نەکەوت بەو بیانوەى مامەڕیشە سەرکردە نەبوە!".
لەبارەى ئەو پاداشتەشەوە کە یەکێتى بە هاوسەر و کەسوکارەکەى مامەڕیشەى بەخشیوە، هاوسەرەکەى ڕیشە هێما بۆ ئەوە ئەکات کە مامەڕیشە خەباتى بۆ پارە و زەوى نەکردوە، هەروەها وتیشى:"ئێمە شانازى بەوەوە ئەکەین کە پاش خۆى لە شوێنێکدا ئەبینرێین ئەڵێن ئەوە کەسوکارى مامەڕیشەیە یان هاوسەرى مامەڕیشەیە".
نیشتمان حەسەن کە تەمەنى خۆى لە چل و سێ ساڵ ئەدات و هیچ مناڵێکى لە مامەڕیشە نەبوە، لەو چاوپێکەوتنەیدا کە زۆر خۆى بە خۆشحاڵ زانى لەگەڵ زەنگدا کردویەتى، گللەیـــــــى ئەوەى لە هاوڕێ پێشمەرگەکـــــانى ڕیشە هەبوو لەوەى سەردانى ناکەن! وتیشى:"لە دواى ڕاپەڕینەوە تەنها دووجار کاک عوسمانى حاجى مەحمود سەردانى کردووم، ئیدى کەسیان هەواڵیان نەپرسیوم"..
لەوەڵامى ئەو پرسیارەى (زەنگ)یشدا کە تا ئێستا چوەتە لاى مام جەلال، یان ئەو لەڕێى کەسێکەوە هەواڵى ئەمى پرسیوە، نیشتمانى هاوسەرى مامەڕیشەى "هەڵۆى گەرمیان" ئەڵێت:"تا ئێستا مام جەلالم نەبینیوە و حەز ئەکەم بچمە لاى، تا ئێستاش نەمبیستوە کە مام جەلال هەواڵى پرسیبێتم!".
ژنەکەى مامەڕیشە ستایشى دکتۆر بەرهەم ساڵحى ئەکرد کە دووجار پێشوازى لێکردوە و یارمەتى داوە و موچەکەیشى بۆ زیاد کردوە، بۆیە لە وەڵامى ئەو پرسیارەى زەنگدا کە لەناو مەسئولەکانى یەکێتیدا کامیانى زیاتر بەلاوە پەسەندە، ئەو وتى:"لەناو هەمویاندا بەرهەم ساڵحم زیاتر خۆش ئەوێت چونکە کەسێکى سادە و بێ فیزە، هەر ئێستا تەلەفۆنێکى بۆ بکەم بڵێم ئەمەوێ بتبینم، یەکسەر پێشوازیم لێ ئەکات".
هەروەها نیشتمان حەسەنى هاوسەرى مامەڕیشە خۆشەویستى لە ڕادەبەدەرى خۆى بۆ یەکێتی دووپات کردەوە و ئەوەشى ڕاگەیاند کە ئەگەر یەکێتى نەمێنێت، ئەویش نامێنێت، وتیشى:"ڕۆح و گیانم یەکێتییە".
لەبارەى وەسفى مامەڕیشەشەوە، ئەو وتى:"مامەڕیشە ئەوەندە ئازا بوو وەسفى بە من ناکرێت بە قوربان، ئەو کەسێکى زۆر سادە بوو هەمیشە خۆى بە مەسئول نەئەزانى لەگەڵ پێشمەرگەکانیدا.. هەر جارێک مام جەلال یان کاک نەوشیروان خەڵاتێکیان بکردایە، بەشێکى لێ ئەدا بە جل و بەرگ یان تاقمى فیشەک بۆ پێشمەرگەکانى..".
هاوسەرەکەى مامەڕیشە لە سەرەتاوە ناوى (کچان) بوە بەڵام کاتێک شووى بە مامەڕیشە کردوە، لەبەر خۆشەویستى خاک و نیشتمان، مامەڕیشە ناوى ناوە (نیشتمان)..
ئەو ئافرەتێکى پڕ مەینەتییە، ئەوە ئەگێڕێتەوە کە هەتا لەگەڵ مامەڕیشەدا بوە (نزیکەى دوو ساڵ) هەر ئەم ئاوایى و ئەو ئاواییان کردوە، خۆى وتەنى ئێستا هەموو ئاواییەکان شارەزایە!.
لەبارەى شووکردنیشى بە مامەڕیشە، نیشتمان حەسەن وتى:"پێشتر پەیوەندى خۆشەویستیمان نەبوە، بەڵکو هەردوولامان لە ئاوایى ئەژیاین، باوکى مامەڕیشە (بەڕەحمەت بێت) وتبووى حەز ئەکەم داواى کچــــــــى کوێخا حەسەن بکەین، دواتر کەسێکــى ناردە خوازبێنیم و باوکیشم منى پێشکەشى مامەڕیشە کرد، ئەمە ئەو کاتەى پێشمەرگە بوو